نەخۆشیی سەدەف – psoriasis
نەخۆشیی سەدەف یان بە کوردی کاژۆکی، پووڵەکە ماسی، گڵاوپێستی، نەخۆشییەکی درێژخایەنی نەگوازراوەی پێستە کە دەتوانێت بە پووڵەکەی سوور یان پەمەیی ئەستوورەوە هێرش بکاتە سەر پێستی سەر، ئەژنۆ، ئەنیشک و ناوچەکانی تری لەش. ئەو حاڵەتە بە هۆی چالاکیی نائاسایی کۆئەندامی بەرگرییەوە دروست دەبێت کە ڕێژەی گەشەی خانەکانی پێست زیاد دەکات و دەبێتە هۆی هەوکردن. هۆکارە بۆماوەییەکان، شێوازی ژیان، سترێس، هەندێک هەوکردن و هۆکاری ژینگەیی ڕۆڵیان هەیە لە سەرهەڵدان و توندیی نەخۆشییەکە. چارەسەریی سەدەف بە زۆری بریتییە لە تێکەڵەیەک لە چاودێریی ڕۆژانەی پێست، چارەسەریی ناوچەیی و سیستەمیک، هەندێک جاریش چارەسەریی بایۆلۆجی بۆ کۆنترۆڵکردنی نیشانەکان و باشترکردنی کوالیتیی ژیان. خۆپاراستن و بەڕێوەبردنی ڕۆژانە بریتییە لە چاودێریکردنی بەردەوامی پێست، دوورکەوتنەوە لە ماددە ورووژێنەرەکانی پێست و بەدواداچوونی بەردەوام لەگەڵ تیمی تەندروستی بۆ کەمکردنەوەی گەڕانەوەی نێشانەکان.
نیشانەکانی نەخۆشیی سەدەف کامانەن؟
نەخۆشیی سەدەف نەخۆشییەکی درێژخایەنی هەوکردنی پێستە کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی پووڵەکەی سوور یان پەمەیی بە کاژێکی ڕەش یان سپییەوە کە پلاکی پێدەڵێن. ئەم پلاکانە زۆرتر لە ئەنیشکەکان، ئەژنۆکان، بەری دەست یان پێستی سەر دەبینرێن، هەرچەن دەتوانێت هەر شوێنێکی جەستە بگرێتەوە. توندیی نەخۆشییەکە لە سووکەوە بۆ قورس دەگۆڕێت و لەوانەیە خولی ناوەناوەی چاکبوونەوە و گەڕانەوەی هەبێت. ئەم نەخۆشییە ناگوازرێتەوە.
نیشانە باوەکانی بریتین لە وشکبوون و درزبردنی پێست، خوران، سووتانەوە و ئازار، توێکهەڵدان، برینی بچووک یان درزتێکەوتنی پێست، گۆڕانی ڕەنگی پێست دوای چاکبوونەوە (خولەکانی زیادبوون و کەمبوونەوەی ڕەنگ). هەروەها ڕەنگە نینۆکەکان گۆڕانکاری وەک ئەستووربوون، چاڵبوون یان داخوران و تەقین بە خۆوە ببینن. ئەگەری هەوکردنی جومگەی سەدفی (psoriatic ahhritis) یان سەدەفی لە منداڵانیشدا هەیە. سەدەف دەتوانێت لە هەر تەمەنێکدا دەست پێ بکات بەڵام زۆربەی کات لە گەورەساڵیدا دەردەکەوێت.
جۆرەکانی سەدەف
جۆرە سەرەکییەکانی سەدەف بریتین لە:
سەدەفی پلاکی (لەکەی سەدەف):
باوترین جۆرە، پەڵەی سووری پووڵەکەیی هەیە کە بە توێکڵی سپی زیوین داپۆشراوە، زۆرجار لەسەر ئەنیشک، ئەژنۆ و پێستی سەر و پشت دەبینرێت.
سەدەفی گوتات(پەڵەی سوور):
بە شێوەی پەڵەی بچووکی وەک دڵۆپ لەسەر جەستە دەردەکەوێت و بەزۆری دوای هەوکردنی بەکتریایی (وەک گەرووسۆی سترێپتۆکۆکی: ئاوسانی گەروو) ڕوو دەدات.
سەدەفی پوسچولار:
جۆرێکی دەگمەنە کە دەبێتە هۆی هەوکردنی پێست و سەرهەڵدانی پەڵەی وەک زیپکە کە ڕەنگیان زەردە و زیاتر لە ناو لەپی دەست و ژێرپێیەکاندا دەردەکەون.
سەدەفی پێچەوانە:
پەڵەی سووری لووس لەسەر چرچ و لۆچەکانی بنباڵ، بنڕان، ژێر مەمک و ژێر ئەژنۆکان دەردەکەوێت.
سەدەفی ئێریترۆدەرمیک:
توندترین جۆرە، دەبێتە هۆی سووربوونەوەی بەربڵاو، توێهەڵدانی توند و هەوکردنی تەواوی جەستە کە پێویستی بە چاودێریی خێرای پزیشکی هەیە.
سەدەفی نینۆک:
نینۆکەکان دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕەنگ، ئەستووربوون، چاڵبوون یان جیابوونەوەی نینۆک.
سەدەفی جومگەیی (هەوکردنی جومگەی سەدەفی):
جۆرێکە لە هەوکردنی جومگەکان کە لەگەڵ سەدەفی پێستدا ڕوو دەدات و دەبێتە هۆی ئازار، ئاوسان و ڕەقبوونی جومگەکان.